شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی فێنک، شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرماش دادەبەزن". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای سبەینێ شەممە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاند" ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە زۆری بۆ نیمچە ھەور دەگۆڕێت، بەھۆی ھاتنی بارستە ھەوایەکی فێنک بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق و سووریا، لە کاتەکانی پاشنیوەڕۆدا خێرای با لەو ناوچانەدا چالاک دەبێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی شەپۆلێکی خۆڵبارین و ئەگەر ھەیە لە کاتەکانی ئێوارەدا ناوچەکانمان بگرێتەوە و تا کاتەکانی شەو بەردەوام بێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆڵبارینەکە بە گشتی لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر و کەرکوک و گەرمیان زیاتر دەبێت لە ناوچەکانی دیکە کەم دەبێت، ھەر لەگەڵ ئەم دۆخەدا سبەی ئێوارە تا شەو لە ھەندێك کاتدا ئەگەری نمە بارانی پچڕپچڕ و چالاکبوونی ھەورە برووسکە بە دیارینەکراوی لە ھەندێك ناوچەدا دەبێت و پلەی گەرماش یەك تا دوو پلە بەراورد بە ئەمڕۆ نزم دەبێتەوە.
 


PM:03:17:09/06/2023