مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "بێگومان رێگەی تێكۆشانی گەل دوورودرێژە و ئەوانەی دەبنە كۆسپ لەبەردەم دەستكەوتەكان، باجەكەی دەدەن".
بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە "هیوام وایە بارودۆخێك دروست بێت كە بتوانن بگەرێنەوە زێدی باب و باپیران و بە یەكگرتوویی رووبەڕووی تەحەدیاتەكان ببنەوە، هەروەها داوا دەكەم دۆستایەتی و هاوپەیمانیتان زیاتر پتەو بكەن".
بارزانی روونیكردۆتەوە "لەسەرەتای رووداوەكانی سووریا لە ساڵی 2011ەوە بە بەردەوامی پشتیوانتان بووین بۆ ئەوەی یەكڕیز و تەبا و یەكڕەنگ بن و هەر بڕیارێك پێتان باش بوو بیدەن".
هەروەها وتویەتی "ئێمە پشتیوانتان بووین بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان سێ كۆنگرە (دوو لە هەولێر و یەك لە دهۆك) ببەستن بۆ خەبات و پێكەوەیی نەتەوەیی، بەڵام بەداخەوە كۆسپ دروستكرا، بێگومان رێگەی تێكۆشانی گەل دوورودرێژە و ئەوانەی دەبنە كۆسپ لەبەردەم دەستكەوتەكان، باجەكەی دەدەن".