پارتی دژی هەردوو دەقەكەیە، چ ئەوەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە چ ئەوەی لیژنەی دارایی پێشنیازی كردووە

فوئاد حسێن سەرۆكی تیمی پارتی بۆ دانوستان لەبارەی بودجە ڕایگەیاند " پارتی دژی بڕگەی حەوتەمی ماددەی ١٤ بوو، ئەم بڕگەیە دەیوت  لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێم لە پەیوەندیدار بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا".

ئەمرۆ شەممە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ فوئاد حسێن ڕایگەیاند "لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشەكان‌و لیژنەكە لەماوەی (٣٠) رۆژدا لەدوای دروستكردنی، پیشنیازی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات".

سەرۆکی تیمی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، لیژنەی دارایی پەرلەمان دەستكاری ئەم ماددەی كردووە‌و بەمشێوەیە گۆڕیویەتی ئەگەر كێشە دروستبوو حكومەتی فیدراڵ لەماوەی ١٥ رۆژدا ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم رادەگرێت.

باسی لەوەشکرد، پارتی دژی هەردوو دەقەكەیە، چ ئەوەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە چ  ئەوەی لیژنەی دارایی پێشنیازی كردووە، لە دەقەكەی حكومەتدا دژی ئەوەیە لەكاتی دروستبوونی كێشەدا بڕیاری كۆتایی لای سەرۆك وەزیرانی عێراق بێت، لە دەقەكەی لیژنەی دارایشدا دژی ئەوەیە بەوشێوە خێرایە‌و لەماوەی ١٥ رۆژدا دوای دروستبوونی ناكۆكی یەكسەر دەست بۆ راگرتنی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم ببرێت.



PM:08:26:10/06/2023