وەزارەتى خوێندنى باڵا رێکارەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بڵاوکردەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم رێکارەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کوردستان بڵاوکردەوە. 

لە بڵاوکراوەکەدا خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەکات" لە پێناو بەرژەوەندى گشتى خوازیاران و بەدیهێنانى شەفافیەت و دادپەروەرى و هەلى یەکسان لە پڕۆسەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى سبەینێ دووشەممە کاتژمێر (١١:٠٠) بەیانى بەڕێوەدەچێت". 

دەقی ڕێککارەکان: 

- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە نێو کۆلێژدا هەڵەچنین (تصحیح) بکرێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت ببرێتە دەرەوەى زانکۆ.

- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە هەر بەشێک یان کۆلێژێک، لە هۆڵێکی ئامادەکراو هەڵەچنینی بۆ بکرێت.

- ماوەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمی سێ سەعات دەبێت، هەروەها بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و ماستەر و دکتۆرا ماوەکە چوار سەعات دەبێت.

- وەڵامدانەوەى پرسیارى تاقیکردنەوە تەنها بە قەڵەم جافى رەنگى شین دەبێت، لە پێناو نەبونى جیاوازى لە پەراوى تاقیکردنەوەى پێشکەشکاران، پێویستە لە لایەن زانکۆکانەوە قەڵەم جافى رەنگى شین بۆ پێشکەشکاران دەستەبەر بکرێت.

- ڕێگە بە بردنە ژورەوەى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن و تەکنەلۆژیا بۆ نێو هۆڵى تاقیکردنەوە نادرێت وەکو (مۆبایل و سەعاتى زیرەک و ..هتد).

- پێویستە هەر پرسیارێک لەسەر پەڕاوێکى جیاواز وەڵام بدرێتەوە.

- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەکان ئامادە بێت بۆ ئەوەى لە هەر کاتێکى پێویست لیژنەى تایبەت لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ بکات بە مەبەستى وردبینی و دڵنیابون لە جێبەجێکردنى گشت رێنماییەکانى پەیوەندیدار.

- پێویستە بەشداربوو تەنها وەڵامى پرسیارەکان لە پەڕاوى تاقیکردنەوە بنووسێت و نابێت هیچ (ئاماژەو هێمایەک...هتد) تێدا بنووسێت، بە پێچەوانەوە بە گزى (غش) هەژمار دەکرێت و بە پێى رێنماییەکاتى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.

- پێویستە بەشداربوو پابەند بێت بە رێکارەکانى لیژنەى سەرپەرشتى تاقیکردنەوەکان و چاودێرەکانى هۆڵى تاقیکردنەوە، بە پێچەوانەوە بە پێى رێنماییەکانى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.

-  پێویستە بەشداربوو یەکێک لە بەڵگەنامە ڕەسەنەکانى وەکو (ناسنامەى بارى شارستانى، رەگەزنامە، کارتى نیشتیمانى، پاسپۆرت)ى پێ بێت.


PM:02:16:11/06/2023