پەرلەمانتارێكی یەكێتی: پارتی رێككه‌وتنی ژێر به‌ ژێری كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ نه‌ده‌ن

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی رەتكردنەوەی گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران دەڵێت" رێكەوتنی ژێربەژێر كرابوو كە ئەو ماددەیە رەتبكرێتەوە".

بڕیار رەشید ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەوەی رویدا زۆر بە رونی خیانەتێك بوو كە لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كرا، ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەوە نەبوو لایەنە كوردیەكان دەنگی پێنەدەن، بەلام ئەوەی رێكەوتنی ژێرەژێر كرابوو بۆئەوەی پارتی دەنگی پێنەدات و مادەكە بخرێتە كۆتایی مادەكانی بودجەوە و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت". 

وتیشی" بەرونی دیاربوو بەچ تاكتیكێك ئەم یاریە كرا، برادەرانی پارتی كە هاتنە دەرەوە بە پێكەنینەوە هاتنە دەرەوە لە هۆڵی پەرلەمان و پێموتن دیارە زۆرتان پێخۆشە و بە دەستكەوتی زۆر گەورەی دەزانن، ئەمە هەڵوێستی ئەوان بوو". 

ئاماژەی بەوەشكردووە" بەرنامەكەیان وابوو بە جۆرێك خۆیان دەربخەن كە لایەنەكانی دیكە دەنگیان بە گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە نەداوە، بەڵام ئەمە رێكەوتنی ژیربەژێریان هەبوو لەسەر ئەو بابەتە".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرجەم مادەكانی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی پەسەند كرد، ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكرێت.

پرۆژە یاساكە بۆ هەر ساڵێك نزیكەی ١٩٩ ترلیۆن دینارە و پشكی هەرێمی كوردستان نزیكەی  ١٦ ترلیۆن دینارە، هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی سۆمۆ بكات.

هەروەها لە كۆبونەوەکەدا ماددەی تایبەت بە گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەنگی پێویستی نەهێنا و رەتكرایەوە.


PM:12:21:12/06/2023