پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو: حزب و بەرپرس و کوڕەکانیان لە حکومەت دەوڵەمەندترن

پەرلەمانتارێکی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو رونکردنەوە لەسەر تێپەڕاندنی بودجە دەدات و ڕایگەیاند"بودجە زەمانەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، دەبێت حکومەتی هەرێم بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات، چیتر یاری بە قوت و بژێوی خەڵکەوە نەکات حزب و بەرپرس و کوڕەکانیان لە حکومەت دەوڵەمەندترن".

دارا سێکانیانی پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو  باسی لەوەکرد،  ناکۆکییەکانی نیوان پارتی و یەکێتی سەنگ وپێگەی کوردی لە بە‌غداد لاواز کرد و دەبێت لە پارتی و یەکێتی بپرسین کاتێک ئەوان لەگەڵ لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتنیان هەیە بۆ نەیانتوانی پشتیوانی ئەو لایەنانە مسۆگەر بکەن و گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بچەسپێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ سەر قەوارەی هەرێم کە بەهۆی ناکۆکی نێو ماڵی خۆمانە، حکومەتی هەرێم داهاتێکی زۆری هەیە دەبێت ئامادە بێت پاشەکەوتی مووچەخۆران بداتەوە.

دارا سێکانیانی ڕونیشیکردەوە، دەبێت سەرجەم فەرمانبەران هەڵوێستیان هەبێت، لە حکومەتی هەرێمی قبوڵ نەکەن و داوای گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بکەن، دەسەڵاتێکی نابەرپرس تەنها لە بیری خۆیدایەتی، لە کوێی دنیادا هەیە حزب و بەرپرس و کوڕەکانیان لە حکومەت دەوڵەمەندتر بێت.



PM:11:59:12/06/2023