پەرلەمانتارێكی عێراقی هەڕەشە لە مەسرور بارزانی دەكات


پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەلایەن هەندێك كەناڵی نزیك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە)وە هێرشی دەكرێتەسەر و دەڵێت "ئەو كەناڵانە بێ مۆڵەتن و لەژێر ڕێنمایی حزبێكدا لە هەلێر كاردەكەن".

یوسف كلابی، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، زیاتر لە مانگێك لەمەوبەر، بەتایبەتی كاتێك هەندێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیاری هەمواركردنەوەی هەندێك لە بڕگەكانی مادەكانی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵییان كرد،  سەرسام بوون بە "هێرشێكی میدیایی ڕێكخراو لە كەناڵەكانی هەولێرەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو كەناڵانە لەلایەن كۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی فیدراڵییەوە مۆڵەتیان پێنەدراوە و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقییەوە داواكراون، لەلایەن كەسێكی نزیك له حكومەتی هەرێمەوە ئیدارە دەدرێن و بەلای ئێمەوە ناسراون، ئامانجیان بە ئامانجگرتنی كەسایەتییە سیاسی و نیشتمانییەكانی عێراقە".

كلابی وتویەتی "نەبوونی وەڵامی ئێمە لەو كاتەدا سەرچاوەی گرتووە لە پەرۆشی نیشتمانیمان بۆ تێپەڕاندنی بودجەی فیدراڵی كە خزمەتی هەموو خەڵكی عێراق دەكات بەبێ جیاكاری، بەڵام ئێستا دوای پەسەندكردنی بودجە، هەڵمەتەكە هێشتا بەردەوامە بە هەمان ڕێوشوێنی ژەهراوی كە سیستەمی دیموكراسی و یاسا و دەستوور ڕەتی دەكەنەوە".

ئەو پەرلەمانتارە جەختیكردۆتەوە "لەبەرئەوەی ئێمە باوەڕمان وایە كە ئەم كەناڵانەی (بێ مۆڵەت) بە تەنها كار ناكەن، بەڵكو لەژێر ڕێنماییە حیزبییەكان لە هەولێر كار دەكەن، لە بەرامبەریشدا ئێمە بە تەواوی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانین لەوەی كە لەو كەناڵانەوە پەخش دەكرێت و ئەو كاریگەرییە سیاسییە ترسناكانەی كە لە ئەنجامدا دەبێت".



PM:07:04:13/06/2023