تەندروستی جیهانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکی کوشندەتر لە کۆرۆنا هۆشداری دەدات

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە هەموو جیهان دەکات ئامادەکاری بکەن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک کە بە وتەی خۆی "کوشندەتر" دەبێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

تێدرۆس ئەدهانۆم سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئەمڕۆ هەینی لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکیدا لە جنێڤ هۆشداریدا لەوەی کە کۆتایی هاتنی کۆڤید-١٩ وەک حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی جیهانی بەو مانایە نییە کە مەترسییە تەندروستییە جیهانییەکان کۆتایی هاتووە.

وتیشی" مەترسی سەرهەڵدانی گۆڕاوێکی دیکە کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی نەخۆشی و مەترسی مردن هێشتا ماوە، بە جۆرێک مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکی دیکە هەیە کە ئەگەری کوشندەتری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە".

لێدوانەکانی سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە بۆ دەستپێکردنی تۆڕێکی نێودەوڵەتی چاودێریکردنی ماددە نەخۆشخوازەکان، بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی مەترسییە سەرهەڵداوەکانی نەخۆشییەکان و وەڵامدانەوەیان بە بەکارهێنانی جینۆمیک.


PM:02:35:16/06/2023