سزای لە سێدارەدان لەسەر بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین دەرچوو

دادگای تاوانەکانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە سزای لە سێدارەدانی بۆ بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین دەرکرد.

پارێزەری دۆسیەی ئەو دوو پرۆفیسۆرە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دادگای هەولێر دوو تۆمەتی بۆ سزادراوەکە خستووەتە پاڵ و دوو سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەرکردووە، ئەم بڕیارە لە ماوەی (١٠) ڕۆژدا ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە دەکرێت و دوای پەسەندکردنی دەنێردرێت بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێم لە بەرامبەردا بتوانێت واژۆی لەسەر بکات و جێبەجێی بکات". 

ئاماژەی بەوەشکرد" تۆمەتبارەکە بە سێ بڕگە لە ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دراوە کە ئەوانیش (أ، هـ، ز) کە تایبەتن بە رشد و کوشتنی یەکێک و بریندارکردنی یەکێکی دیکە و کوشتنی فەرمانبەری دەوڵەت لە دەوامی فەرمی خۆیدا". 

ڕۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، هەریەک لە کاوان ئیسماعیل راگری کۆلێژی یاسا و ئیدریس حەمە خان مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆی سۆرانەوە کوژران.


PM:01:45:22/06/2023