لە هەرێم تووشبوون و مردن بە تای خوێنبەربوون زیادی كرد

وەزارەتی تەندروستی عێراق دوایین ئاماری تووشبووانی تای خوێنبەربوون ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، لە هەرێمی کوردستان ١١ تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، کە ٤ كەسیان گیانیان لەدەستداوە و سەرجەمیان خەڵکی پارێزگای هەولێرن.

دکتۆر سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ ڕووداو ڕایگەیاندووە، "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا لە پارێزگاکانی عێراقدا، زیاتر لە ٢٥٠ تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، کە سەرووی ٣٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە”.

وتیشی، "لە هەولێر ٨ تووشبوو تۆمارکراون، کە ٤ یان گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی هیچ کەسێک تووشی نەخۆشییەکە نەبووە، لە دهۆک ٣ تووشبوو تۆمارکراون”.

ئاشكراشی كرد، زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای زیقار تۆمارکراون، کە ٦٧ تووشبوون و١٠ یان گیانیان لەدەستداوە، دواتر پارێزگاکانی بەسرە، میسان، ڕەسافە (بەغدا)، موسەننا، واست و کەرخ ( بەغدا) دێن.


PM:07:31:24/06/2023