هەولێر.. سێ منداڵ کە یەکێکیان تەمەنى پێنج مانگە لەسەر شەقام فڕێ دەدرێن

بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی ژنانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" سێ منداڵ کە باوکیان لە زیندانە و دایکیان بەجێی هێشتوون لەلایەن باپیریانەوە لەسەر شەقام فڕێدراون". 

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە" ئەمڕۆ یەکشەممە لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر سێ منداڵ کە پێکهاتبوون لە دوو کوڕی تەمەن ٩ بۆ ١٠ ساڵ و یەک کچ کە تەمەنی پێنج مانگە، لە گەرەکی نوسەرانی شاری هەولێر لەسەر شەقام فڕێدرابوون هێنرانە نوسینگەی منارەی بەڕێوەبەرایەتیمان". 

ئاشکراشیکرد" بەسەرپەرشتی لێپرسراوی نوسینگەی منارەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخرا و دەرکەوت کە ئەم منداڵانە پێش ماوەیەک باوکیان دەستگیرکراوە و دایکیشیان لەلای باپیری منداڵەکان (باوکی هاوسەرەکەی) بەجێی هێشتوون و ئەمڕۆ باپیریان ئەوانی هێناوە و لەسەر شەقام فڕێیداون".

ڕاشیگەیاند" پاشان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان پێشکەش بە دادوەری توندوتیژی خێزانی کرا و بڕیاریدا دوو منداڵە کوڕەکان ببرێن بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر و منداڵە کچە پێنج مانگەکەش ببرێت بۆ خانەی چاودێری منداڵان لەناو نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر".


PM:04:42:25/06/2023