لێدوانی كەسوكاری تۆمەتباری كوشتنی خواناس لەسەر رووداوەكە


كەسێكی نزیكی ئەو تۆمەتبارەی خواناش وریای كوشت رەتیدەكاتەوە كوڕەكەیان كەسێكی "توندڕەوی ئاینی" بووبێت.

سەفەر حەمەسوور، مامی تۆمەتبارەكە بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاندووە "برازاكەم نوێژی كردووە و پێشمەرگە بووە لە لیوای 3ی پیادە، هیچ شتێكمان لێنەبینیوە كە ئاماژەبێت بۆ توندڕەوی ئاینی، ئەگەر توندڕەوبووبێت چۆن پێشمەرگە بووە؟".

ناوبراو وتویەتی "ئێمە توندڕەویمان لێنەبینیووە، ئاگادارین خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شت بڵاودەكەنەوە، بەڵام ئێمە پێش ڕووداوەكە هەستمان بەو شتانە نەكردووە، گەر توندڕەویش بووبێت وەكو ئەوەی خەڵك دەیڵێن، ئێمە بێبەرین لێی."

خواناس وریا گلی، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵ بوو، ڕۆژی پێنجشەمە لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ لەلایەن كەسێكەوە بە ناوی (ه، ك) تەقەی لێكرا و كوژرا. دوای ڕووداوەكەش تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد و لەكاتی لێكۆڵینەوەدا هۆكاری كوشتنەكەی بۆ "جیاوازی بیروڕای ئاینی" گێڕاندبووەوە.



PM:07:46:25/06/2023