لەبارەی قورئان سوتانەكەی ستۆكهۆڵمەوە زێباری داوایەك دەكات


هۆشیار زێباری، سەركردەی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان داوای ئەنجامدانی راپۆرتێكی وردی رۆژنامەوانی دەكات سەبارەت بەو گەنجە عێراقییەی لە وڵاتی سوید قورئانی سوتاند. 

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندوە "پێویستە رۆژنامەوانی بنكۆڵكاری  عێراقی هەوڵبدات و بەدواداچوون بۆ ناسنامە و پاڵنەرەكانی ئەو پەنابەرە عێراقییە بكات كە لە ڕۆژێكی پیرۆزدا قورئانی پیرۆزی سووتاند  لە ستۆكهۆڵم - سوید؟ ئایا ئەندامی میلیشیای بابلیون بووە؟ ئایا لە لایەن هێزە نەیارەكانی ئیسلامەوە ئیستغلال كراوە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە شەرمەزاركەرە؟ بۆ ناوزڕاندنی عێراق و گەلەكەی".

دوێنێ چوارشەممە لە یەكەمین رۆژی جەژنی قوربان هاوڵاتییەك كە كۆچبەرێكی عێراقییە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم لە سوید، كۆپییەكی قورئانی پیرۆزی سوتاند، لەوكاتەوە تادێت ناڕەزایی و دژایەتی ئەو كارە لە كۆمەڵگە مسوڵمانەكاندا زیاتر دەبێت.



PM:11:32:29/06/2023