هێزی كۆماندۆ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ی‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوكرده‌وه‌

هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روونکردەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردووە و دەڵێت" رووداوەکە دوور و نزیک پەیوەندی بە کارمەندەکەی ئێمەوە نەبووە و تەنها رێگری لە ئەنجامدانی تاوانێکی گەورە کردووە". 

هێزی كۆماندۆی كوردستان لە ڕوونكردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەكردووە" چەكدارێكی نەناسراو لە نزیك فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلێك دەكات و كەسێك بریندار دەكات لەو كاتەشدا كارمەندێكی هێزەكانی كۆماندۆ لە شوێنی ڕووداوەكە دەبێت و دەیەوێت ڕێگری لە تەقەكەرەكە بكات، بەڵام كەسی تەقەكەر ڕووبەڕووی كارمەندەكەی كۆماندۆش بووەتەوە و تەقەی زیاتری كردووە، بۆیە لەلایەن ئەو كارمەندەی هێزی كۆماندۆوە كەسی تەقەكەر چەك كراوە و چەكەكەی لێسەندراوە". 

ڕاشیگەیاندووە" دواتر تا هێزە ئەمنییەكان دەگەنە شوێنی ڕووداوەكە ئەو كەسە بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵدێت، لەئێستادا چەكەكەی لەبەردەست هێزەكانی كۆماندۆدایە و هێزە ئەمنییەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی تۆمەتباری ڕووداوەكەن".

ئەوەش هاتووە" ئەو ڕووداوە دوور و نزیك پەیوەندی بە كارمەندەكەی هێزی كۆماندۆوە نەبووە و تەنها وەك ئەركێكی ئەخلاقی و پیشەی ئەو كارمەندەی كۆماندۆ ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوانێكی گەورە كردووە". 


PM:05:38:02/07/2023