دەست بە دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی حوزەیران دەکرێت

بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە پارێزگای هەولێر دەست بە دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی حوزەیرانی هاوڵاتییان بکرێت، هەروەها بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت" لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی ڕابردوو کراوە". 

دلێر عەبدولواحید بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی تەموزی ٢٠٢٣ لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" هەندێک لە ماددەکانی بەشە خۆراکی مانگی حوزەیران کەمن، بۆیە تائێستا دەستمان بە دابەشکردنی نەکردووە". 

وتیشی" رەنگە تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو سەرجەم بەشە خۆراکی مانگی شەش بگات و یەکسەر دەست بە دابەشکردنی دەکەین". 

لای خۆشیەوە شەوکەت محەمەد بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی، ڕایگەیاند" لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی حوزەیران دەستیپێکردووە، سەبەتەی ئەم جارە لە شەش ماددەی خۆراکی پێکهاتووە کە بریتیە برنج و زەیت و دۆشاوی تەماتە و شەکر و لەتکە نۆک و نیسک". 

سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان پێکهاتووە له (شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد و نیسک).


PM:08:08:05/07/2023