زانیاری نوێ لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دەخرێتەڕوو

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم کورتهێنان لە بودجەی فیدراڵی زیاتر دەکات". 

سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند" حکومەتی عێراق توانای بەرهەمهێنانی نەوتی کەمە و لە فرۆشتنی نەوتیش کێشەی هەیە، هەروەها عێراق ئەگەر چارەسەرێکی بەپەلە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەدۆزێتەوە زیانێکی زۆر دەکات لەوەی لە ئێستادا هەیە". 

راشیگەیاند" دەبێت چارەسەرێکی بەپەلە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی کورتهێنان لە بودجەی فیدراڵی زیاتر نەبێت". 

وتیشی" شاندی تورکیا کاتێک هاتنە بەغدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوت کۆبوونەوە هەوڵیاندا خۆیان لە پێدانی قەرەبوو بۆ عێراق بدزنەوە و کۆمەڵێک پاساویان هێنایەوە، هەروەها ئەوان دەیانەوێت ئەو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە نەدەن کە لە سکاڵاکەی دادگای پاریسدا هاتووە، کەیسێکی دیکەش هەیە لەسەر تورکیا کە بە دڵنیاییەوە ئەمیش دەدۆڕێنێت لە دادگا کە قەرەبووەکەی دەگاتە چوار ملیۆن دۆلار".


AM:12:01:06/07/2023