بڕیارێكی نوێی بانكی ناوەندی سەبارەت بە زیادكردنی فرۆشتنی دۆلار


بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریدا بە زیادكردنی بڕی پێدانی دۆلار بۆ ئەو هاوڵاتیانەی ئارەزوی گەشتكردنیان هەیە.

لە نوسراوێكی بانكی ناوەندی كە ئاڕاستەی بانكە حكومی و ئەهلییە مۆڵەتپێدراوەكان كراوە تێیدا هاتووە "پشكی ئەو هاوڵاتییەی لە ڕێگەی دەروازە ئاسمانی و وشكانییەكانەوە گەشت دەكات، مانگانە سێ هەزار دۆلار دەبێت و ئەم بڕیارەش لەرۆژی یەكشەممەی داهاتوەوە جێبەجێ دەكرێت".

بەڵام بانكەكە مەرجی ئەوەشی داناوە "لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنیەوە، فرۆشتنی كاش (FITR) بە تایبەتی پەسەند بكرێت بۆ تۆماركردنی داتای فرۆشتنی كاش ڕۆژانە بۆ گەشتیاران".

ئەو بڕیارەش لەكاتێكدایە پێشتر هەر هاوڵاتیەك گەشتی دەرەوەی وڵاتی بكردایە، بڕی دوو هەزار دۆلاری بەنرخی فەرمی واتە 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار پێدەدرا. 



PM:10:24:06/07/2023