تووشبوون و مردن بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم زیادی كرد

ژمارەی تووشبووان و مردووان بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندایە و تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن.

كاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاندووە،" تا ئێستا ٦ حاڵەتی تووشبوونمان بە تای خوێنبەروون هەبووە و ٣ لەو حاڵەتانە بەهۆی پەتاكەوە گیانی لەدەستداوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو سێ كەسەی هەڵگری پەتاكەن ئێستا لەژێر چاودێری و چارەسەری چڕی پزیشكیدان.

دكتۆر كاروان وتیشی، ” تیمە تەندروستییەكان چاودێرییەكەیان بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە چڕ كردۆتەوە و داواش لە هاووڵاتیان دەكەین بە وردی رێنماییە خۆپاریزییەكان دەربارەی نەخۆشییەكە جێبەجێ بكەن”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە هەولێر و دهۆك لە ماوەی ڕابردوودا تووشبوون و مردن بە پەتاكە تۆماركراوە و ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووش تەندروستی سلێمانی تووشبوونی كەسێكی بە پەتاكە ڕاگەیاند.


PM:06:48:08/07/2023