هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ئاشکرادەکرێت

ئەندامێکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" لە ڕێگەی ناسنامەی هاوڵاتی ئاساییەوە ئەکاونت دروستدەکرێت و لەبەرامبەردا بڕی ٢٠ بۆ ٥٠ هەزاریان پێدەدرێت و پاشانیش لە وڵاتی ئیمارات پارەکە بە دۆلار و بە نرخی فەرمی رادەکێشرێت". 

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی" بەهۆی ئەم بزنسەوە سەدان ملیۆن دۆلار دەبرێتە دەرەوە بە ناسنامەی هاوڵاتی ئاسای و هۆکارە بۆ بەرزی دۆلار، ئەکاونتێکت بە ناوتەوە بۆ دروستدەکەن، بڕێک پارەت دەدەنێ لە (٢٠ بۆ ٥٠ هەزار دینار)، بۆنمونە لە وڵاتێکی وەک ئیمارات پارەکە ڕادەکێشرێت بە درهەم ڕایدەکێشێت، ١٣٠ هەزار دینار بەرامبەر هەر ١٠٠ دۆلار دەشکێتەوە، کەواتە بە ناوی تۆوە ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار لە بانکی ناوەندی وردەگرن و پارەکە دەبرێتە دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی بۆ حەوڵاکەش سودی لێدەبینن". 

ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆ بەم ٥٠ هەزار دینارە دەبیتە بەشێک لە فێل و هۆکاری دانەبەزینی نرخی دۆلاری، چەند کۆمپانیا و بانکێک کە ئەم کارەی کردوە بانکی ناوەندی کارکردنی ڕاگرتون.

ئەوەشی ئاشکراکردوە، بەهۆی ئەم بزنس و بڕیارەی بانکی ناوەندیەوە، خەڵکێک بۆ پێداویستی ژیان ئەو پارەیەی لە ژمارە حسابیدا هەیبوە، بوەتە قوربانی ئەم بزنسە، ڕەنگە ڕۆژێکیش بەرپرسیاریەتیت بکەوێتە ئەستۆ.


AM:08:33:09/07/2023