سەركردەیەكی پارتی: ئەگەر ئیرادەی راستەقینە هەبێت، ئەمساڵ هەڵبژاردن دەكرێت


سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێت، ئەگەر لایەنەكان ئیرادەی راستەقینەیان هەبێت دەتوانرێت ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

ئەشواق جاف، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاندووە "گرنگە ئیرادەیەكی راستەقینە هەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە پێویستە بزانین كە برادەرانی یەكێتی دەیانەوێت ئەم هەڵبژاردنە لە چۆن و چ كاتێك بكرێت، چونكە ئێمە وەكو پارتی هەڵوێستمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە ئاشكرایە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "راستە كۆمسیۆن رایگەیاندووە لە رووی تەكنیكییەوە ناتوانرێ ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر ئیرادە و رێككەوتن لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان هەبێت دەتوانن پێداگری لەسەر ئەوە بكەن كە ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".

هەروەها وتویەتی "دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر شەرعیەتی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان".



PM:02:10:09/07/2023