وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی بڕینی مووچەی کەفیلەکان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی تەموزی ٢٠٢٣ وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی بڕینی مووچەی کەفیلەکان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" رێژەی یەك لەسەر پێنجی موچەكانیان لێ دەگێڕدرێتەوە". 

شیرین حسێن بەڕێوەبەری گشتی بانكە پسپۆڕییەكان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەو رێنوێنییەی لەلایەن وەزارەتی دارایی بۆ كەفیلی ئەو هاووڵاتییانەی، كە پێشینەی خانووبەرەیان وەرگرتووە دەركراوە، بەهیچ جۆرێك پەیوەندی بە مووچەخۆران و فەرمانبەرانەوە نییە، چونکە ئەوانەی وەکو موچەخۆر پێشینەیان وەرگرتووە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران گەڕانەوەی قیستەكانیان راگیراوە، واتە لە مووچەیان نابڕدرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاوڵاتییانەی فەرمانبەر كەفیلیانن و پابەند نین بە دانەوەی قیستی قەرزەكانیان، ئەوا رێژەی یەك لەسەر پێنجی مووچەكانیان لێ دەگێڕدرێتەوە.


PM:12:16:10/07/2023