داوای یاسایی لەسەر کارنەکردنی بانکەکانی عێراق لە هەرێم تۆمار دەکرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت" لە دادگای كەرخی شاری بەغداد سكاڵام لەسەر بانكی ناوەندی و بانكە ئەهلییەكان تۆماركردووە لەسەر خەرجنەكردنی پێشینە و قەرز لە هەرێمی كوردستان". 

رێبوار عەبدولڕەحمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە" بۆ جاری سێیەم دادگای ئیداری کەرخ دانیشتنی تایبەت بە سکاڵایەکی ئێمەی لەسەر بانکی مەرکەزی و رابیتەی بانکە ئەهلییەکان دواخست، سکاڵاکە لەسەر بانکی مەرکەزی و بانکە ئەهلیەکانە و تیایدا سکاڵامان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەو بانکانە لە هەرێمی کوردستان وێڕای هەبوونی رێنمایی و بڕیاری بانکی مەرکەزی ئامادە نین قەرزی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە بدەنە ئەو هاوڵاتیانەی کە پێویستیانە". 

دەشڵێت" پاساوی بانکەکان بۆ پێنەدانی ئەو قەرزە و جۆرەکانی تری قەرز ئەوەیە کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم هیچ پابەندییەکی نییە بە مەوعیدێکەوە بۆ پێدانی مووچە، ئێستا مانگێک لە دواوەیە و زۆربەی مانگەکانیش بە پەنجا رۆژ و بگرە زیاتریش مووچە دابەش دەکات و لێبڕین و پاشەکەوتی مووچەش دەکات، ئەمەش کێشە بۆ کەفیلی ئەو هاوڵاتیانە دروست دەکات کە قەرزەکە دەکەن و بانکەکانیش تووشی کێشە دەکات". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵگەی پێویستیان خستۆتە بەردەست و تیمێکی پارێزەری شارەزاش سەرپەرشتی کەیسەکە دەکەن، بۆیە ئومێدیان زۆرە کەیسەکە ببەینەوە و بانکەکان ناچار بکەن بە بڕیاری دادگا ئەو قەرزە بدەنە ئەو هاوڵاتیانەی هەرێم کە پێویستیانە. 


PM:01:43:14/07/2023