بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران ئەمریکا (١٤) بانکی عێراقی خستە لیستی سزاکانەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆمەتی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر (١٤) بانکی عێراقدا سەپاند. 

رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە" وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ١٤ بانکی عێراقدا سەپاندووە کراوە کە مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن، بەهۆی هەڵمەتێکی گەورەی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە کە لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوە دوای ئاشکراکردنی ئەو زانیارییانە هات کە بانکە ئامانجدارەکان دەستیان لە "سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی ساختەکاریدا" هەبووە. 

ڕۆژنامەکە ڕاشیگەیاندووە" ڕەنگە بڕیارەکە پەیوەندییان بەو کەسانەوە هەبێت کە کەوتوونەتە ژێر سزاکانەوە، ئەمەش ترسی ئەوە زیاتر دەکات کە ئێران سوودی لێ وەربگرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، مەترسی سەرەکی سزاکان لە عێراق پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی دۆلار له‌ بازاڕه‌كان ناجێگیره‌ کە به‌رزترین نرخی له‌ مێژوودا تۆماركردووە و ئەم بڕیارەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دەبێت. 


PM:11:44:19/07/2023