ئاسایش دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی كوشتن رادەگەیەنێت


دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەنجامدەری تاوانێكی كوشتن رادەگەیەنێت كە  حەوت ساڵ لەمەوبەر ڕویداوە و تۆمەتباری تاوانەكە دەستگیر دەكرێت.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "دوای ئەوەی تۆمەتبار ( أ، ع، س) لەلایەن هاوسەری پێشویەوە سكاڵای لێدەكرێت، كە لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی هەڕەشەی لێدەكات و بێزاری دەكات، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، تۆمەتبار دەستگیركراو لەكاتی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە، دەركەوت لە نامەیەكی دەنگیدا هەڕەشەی كوشتن لە خێزانی دەكات و دەڵێت (پێشتر پیاوم كوشتوە و سڵ لە پیاو كوشتن ناكەمەوە)".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "دوای لێكۆڵینەوەی ورد و بەدواداچون لەلایەن بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش، تۆمەتبار دانیناوە بەتاوانەكەیدا كە ساڵی 2016 بەمەبەستی تۆڵەكردنەوە كەسێكی كوشتوە لەشاری سلێمانی بەناوی ( ف، و، ع ) دوای ڕوداوەكە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە لە بنكەی پۆلیس، بكەری تاوانەكە نەدۆزراوەتەوە و دۆسیەی كوشتنەكە داخراوە".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە  "تۆمەتبار ( أ، ع، س ) پاش ڕوداوەكە دەچێتە دەرەوەی وڵات، كاتێك بۆی دەردەكەوێت تاوانەكەی ئاشكرا نەبوە و دۆسیەی كوشتنەكە داخراوە، دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، لەئێستادا بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە".



PM:09:02:25/07/2023