پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بە دۆخی سیاسی كوردستان لەسەر پێنج خاڵ رێككەوتوون.
راگەیاندراوی كۆتایی كۆبونەوەی هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەباشان ئەنجام درا. دوای تاووتوێی بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و عیراق و كوردستان بە تایبەتی، هەردوولا تەئكیدمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی كردەوە و تەواوی تواناكانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەكان لە پێناو بژێوی هاوڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكان.
بە ئاڕاستەی زیاتر چڕكردنەوەی هەوڵەكانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێككەوتین:
یەكەم: هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەو كاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.
دووەم: بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان لە هەموو روویەكەوە كێشە و جیاوازییە بچووكەكان بەلاوە بخرێن و روو لە پێكەوە چارەسەركردنی كێشەكان بكەین.
سێیەم: بڕیارماندا پرۆسەی رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
چوارەم: هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێككەوتنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین.
پێنجەم: لە پێناو زیاتر لێكنزیكبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەركەوتن بەسەر كۆسپەكاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی كوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان.