ئەمریکا لەبارەی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی هەڵوێستی راگەیاند

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ی تەموزی ٢٠٢٣ کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر لەبارەی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" پێشوازی لە رێککەوتنەکەی نێوانیان دەکەین". 

کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە" پێشوازی لە ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی دەکەین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیان بۆ یەکگرتن و چاکسازی پێشمەرگە".  

دەشڵێت" چاومان لەوەیە بەرەوپێشچوون ببینین لە کاتێکدا کە هەردوولا لێک نزیک دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی دیکە دەکەن لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی عێراق". 

لە کۆبوونەوەی دوێنێ یەکشەممە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بە راگەیەندراوێکی هاوبەش لەسەر ئەم پێنج خاڵە ڕێککەوتن: 

یەكەم: هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەو كاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.

دووەم: بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان لە هەموو روویەكەوە كێشە و جیاوازییە بچووكەكان بەلاوە بخرێن و روو لە پێكەوە چارەسەركردنی كێشەكان بكەین.

سێیەم: بڕیارماندا پرۆسەی رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

چوارەم: هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێككەوتنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین.

پێنجەم: لە پێناو زیاتر لێكنزیكبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەركەوتن بەسەر كۆسپەكاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی كوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان.


AM:10:32:31/07/2023