دوو خانوو و ئۆتۆمبێلێکی درع بۆ بریکاری وەزیری پێشمەرگە دەکڕدرێت

یەك ملیار و ٢٨٥ ملیۆن دینار بۆ كڕینی خانوو، هەروەها ١٨٠ ملیۆن دیناری دیكە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوو و ٢١٠ هەزار دۆلار بۆ كڕینی ئوتومبیلی زرێپۆش (درع)، بە واژووی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری دەستلەكاركێشاوەی پێشمەرگە بۆ عەبدولخالق باپیری، بریكاری وەزیری پێشمەرگە كڕدراوە.


بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم كە بە ژمارە (١٢٩٣٩) و لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا دەرچووە و واژووی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی لەسەرە، بڕیاردرا" ڕاکێشانی بڕی یەک ملیار و دووسەد و حەفتا و هەشت ملیۆن پێنج سەد و پەنجا هەزار دینار لە حیسابی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی هەرێم وە دانانی لە حسابمان لە بانکی (بنارە) لە ژێر ژمارە (٢٢٠)، بە مەبەستی کڕینی دوو خانوو لە فیوچەر ستی بۆ بریکاری وەزارەتیڤ پێشمەرگە". 

هەروەها لای خۆشیەوە عەلی حەمە ساڵح ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند" تەنیا بۆ بریکاری وەزیری پێشمەرگەی هەرێم دوو خانوو لە فیوچەر ستی بە بڕی یەک ملیار و ٢٨٥ ملیۆن کڕاوە، لە هەمان کاتدا ١٨٠ ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی دوو خانوەکەی بریکار و ئۆتۆمبیلیکی درع بە نزیکەی ٢١٠ هەزار دۆلار کڕاوە". 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا عەلی حەمە ساڵح دەشپرسێت" ئایا وەزارەت و بریکار بێ ئۆتۆمبیل و خانوون؟". 


نوسراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە کاتێکدایە، ماوەی دوو ساڵە شۆڕش ئیسماعیل دەستی لە کارکێشاوەتەوە و دەوام ناکات.


PM:01:25:31/07/2023