بەهۆی نەدانی مووچەوە بایکۆتکردنی دەوام فراوان دەبێت

بڕیارە ئەمڕۆ سێ شەممە بایکۆت و گردبوونەوەی فەرمانبەران و کارمەندانی کەرتە جیاجیاکانی حکومەت بە شێوەیە بەرچاو فراوانبێت، ئەمڕۆ پزیشکانیش دەست بە بایکۆتکردن دەکەن.

دوێنێ دوو شەممە چەندان فەرمانگە بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیان بە مانگرتن و بایکۆتکردن کرد، پزیشکانی سلێمانیش دەست بە مانگرتن دەکەن و داوای مووچەی دوو مانگی رابردوو دەکەن.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پزیشکانی پلەبەند کە شەوی دوو شەممە بڵاویانکردەوە، رایانگەیاند " ئێمە وەک زیاتر لە ٦٠٠ پزیشکی گەنجی سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان و شار و شارۆچکەکانی سنووری سلێمانی، سبەینێ بەرواری ١/٨/٢٠٢٣ لەپاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٤ ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی کۆتا مووچە و ناڕوونی چارەنووسی موچەی مانگەکانی ٦ و ٧، بە پێویستمان زانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی لە هەڵوێستی پزیشکانی گەنج ئاگادار بکەینەوە".

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە " لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی ناوشار وەک ژنان و منداڵ بوون و منداڵان و سەنتەرەکان و نەخۆشخانە گشتییەکانی دەرەوەی شار، فریاکەوتنەکانی ناوشار و دەرەوەی شار، سەرجەم بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکانی بەیانیان و ٢٤ کاتژمێرییەکان دەوام دەکەن. بریارماندا لەپای بێباکی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دواکەوتنی  مووچەکانمان سبەی ٨ی  سەرلەبەیانی دەوامی سەرجەم نەخۆشخانەکانی ناو شاری سلێمانی و دەرەوەی سلێمانی فریاکەوتنەکانی ناو شار و دەرەوەی شار، بنکە و مەڵبەندە تەندروستیەکان و سەنتەرەکان، بایکۆت دەکەین تاوەکو داواکاریەکانمان جێبەجی دەکرێت".

پزیشکان لەو بەیاننامەیەدا داواکارییەکانیان خەنەڕوو کە بریتین لە:

١- دەست بەجێ دابەشکردنی موچەی مانگەکانی ٦ و ٧

٢-ڕێکخستنەوەی مووچە و دابەش کردنی هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا و بەبێ دواکەوتن.

لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا دەڵێت " دەمانەوێت لە کۆتایدا ئەوە ڕابگەیەنین کە ئێمە وەک پزیشکانی گەنج لە چەندین قۆناغی جیاواز و سەختدا لەگەڵ خەڵکی خۆمان بووین، بەبێ مووچە دەوامی مەترسیدارترین شوێنەکانمان کردووە و دانمان بە خۆماندا گرتووە و قەیرانی دارایی و ئەو باردۆخە سەختەی کوردستانمان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام لەم کاتەدا مووچەخۆران دوای چەند مانگێک  لە دەوام کردن هێشتا چارەنووسی مووچە و سەرەتاییترین مافیان روون نییە و مووچەخۆر و فەرمانبەران بوونەتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان، لە کاتێکدا کە پزیشکانی گەنج تاکە سەرچاوەی بژێوییان مووچەکەیانە بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەرک و کارەکانیان و بەم دواکەوتنە قورساییەکی زۆرمان لەسەر دروست بووە".



AM:01:25:01/08/2023