(کاروان عەلی شامار) بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

کاروان عەلی شامار مامۆستای زانكۆ و کوڕی سەرکردە عەلی شامار و وەسفیە بەنی وەیس ژنە تێکۆشەر و چالاکوان، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە هەواری شار گیانی لەدەستدا. 

سامان نادر بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" نزیک کاتژمێر (٣:٠٠)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئابی ٢٠٢٣ کاروان عەلی شامار لەسەر شەقامی هەواری شار نزیک خانووە تەجازەکان، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە لە جۆری وەرگەڕان گیانی لەدەستداوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاروان عەلی شامار ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری مێرسیدس بووە و لە کاتی گەڕانەوەی لە تونێلی پێشڕەو لە شاری سلێمانی لەسەر شاقامی هەواری شار کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە کە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. 

هەروەها هەر لە ڕووداوەکەدا دوو کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام لە ئێستادا دۆخی تەندروستیان جێگیرە.

کاروان عەلی شامار خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە کۆمەڵناسی و مامۆستای زانکۆ بووە، کوڕی پێشمەرگەی دێرین و سەرکردەی دیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (عەلی شامار) و وەسفیە بەنی وەیس ژنە تێکۆشەر و چالاکوان بووە. 


AM:08:34:05/08/2023