داواکاری گشتی هەرێم داوای رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوەو، داوای رادەستکردنی تۆمەتبارانیش دەکات لەنێویاندا ناوی وەهاب هەڵەبجەیی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی.
 
ئەمرۆ سێ شەممە ٩ی ئابی ٢٠٢٣،سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە راگەیێندراوەکەیدا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرمانی راگرتنی وەهاب هەڵەبجەیی نووسیویەتی: "هەندێک تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگەوە هەن پێویستە رادەستی یاسا بکرێن و لە بەردەم دادوەردا ئامادەبن تاوەکو دادگە رێکاری یاسایی خۆی بەرامبەریان بگرێتەبەر."
 
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئامادەنەبوون لە بەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاریی دادگە و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حاڵەتەکانی تیرۆر و کوشتن و رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات."


دەقی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی:

بەداخەوە ماوەیەکە لە سنوری دەڤەری سلێمانی ، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبیی و کەسییەکان ، رۆژبەرۆژ روو لە زیادبوونە لە کاتێکدا پێویستە دەزگای ئەمنیەکان کە دەزگای فەرمی حکومەتن ، ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نشتیمان و سەرومالی هاولاتیان و پارێزگاریکردن لە دۆخی پێکەوە ژیان و ئاسایش و ئاشتی کۆمەلایەتی بێت و نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسیی و بە مەبەستی تایبەت بلاوبکەنەوە لەو روانگەیەوە رایدەگەیەنین کە هەندێک تۆمەتباری داواکراو لە لایەن دادگاوە هەن پێویستە رادەستی یاسا بکرێن و لە بەردەم دادوەردا ئامادە بن تا دادگا رێکاری یاسایی خۆیی بەرامبەریان بگرێتە بەر . 
بە پێچەوانەوە ئامادەنەبوون لە بەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاری دادگا و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا ، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حالەتەکانی تیرۆر و کوشتن و رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات و کۆمەلگە بە گشتی ، لە ترس و دلە راوکێ نائارامیدا بێت 

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان



وێنەی فەرمانی ڕاگرتنی وەهاب هەڵەبجەی:





 


PM:03:29:09/08/2023