نوسەر و شاعیرێکی دیاری گەورەی کورد كۆچی دوایی كرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٣ نوسەر و شاعیری دیاری کورد عەبدولکەریم شێخانی كۆچی دوایی كرد.

عەبدولکەریم شێخانی ساڵی (١٩٣٣) لە شاری کۆیە لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە کۆیە تەواوکردووە ساڵی ١٩٥٢ – ١٩٥٣ بۆ تەواوکردنی خوێندنی قۆناغی ئامادەیی چووەتە هەولێر، ساڵی ١٩٥٣ – ١٩٥٤ بۆ تەواوکردنی خولی پەروەردەیی چووەتە بەغدا یەکەم دامەزراندنی وەک مامۆستا لە گوندێکی گەرمیان بووە. 

ساڵی ١٩٦٢ لە هەولێر گیراوە و نزیکەی دوو ساڵ لە بەندیخانە بووە، هەر لە منداڵییەوە حەزی لە خوێندنەوە بووە و بە (گۆڤاری گەلاوێژ) دەستیپێکردووە بە زمانی کوردی و عەرەبی دەنووسێت، وەرگێڕانی لە کوردییەوە بۆ عەرەبی و بە پێچەوانەوەش دەکات هەندێکجار فارسیش. 

ناوبراو نووسینی هەمە جۆری لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، وەک چیڕۆک و بابەتی (زمان – سیاسی – کۆمەڵایەتی – ڕۆشنبیری)، هەروەها ڕۆمانەکەی نیکۆس کازانتزاکی (الاخوة العداء)ی کردووە بە کوردی و بەناوی (برا کوژی) بڵاویکردووەتەوە. 


AM:09:33:12/08/2023