وەزیری دارایی عێراق هەڵوەشاندنەوەی هەزاران هەژماری بانكی راگەیاند

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، "بەهەزاران هەژماری بانكیان هەڵوەشاندۆتەوە بەتایبەت ئەو هەژمارانەی هیچ بڕە پارەیەكیان لەسەر نەبوە".

ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٣، لەمیانەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا و سەبارەت بە پرسیاری پەرلەمانتاران لەبارەی ئەو هەژمارە بانكیانەی بەشێوەی نایاسایی كراونەتەوە تەیف سامی رایگەیاند، "بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاسپاردەیان ئاڕاستەی بانكی ناوەندی كردوە، بۆئەوەی كار بە سیستەمی ئۆتۆماتیكی بكات لە بانكەكان و بە پشت بەستن بەو سیستمەش گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا تایبەتەكان ئامادە دەكات". 

وتیشی، "هەزاران هەژماری بانكی خاڵی لە باڵانس هەڵوەشێندراونەتەوە، كاركردنیش بەردەوامە بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی ئۆتۆماتیكی لە بانكەكان و بەشەكانی دیكەی وەزارەتی دارایی".

ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی دارایی كارمەندەكانی دەنێرێت بۆ خولی ڕاهێنان لەسەر كاركردن لە سیستمی ئۆتۆماتیكی تاوەكو زانیاریان لەبارەی ئەو سیستمەوە هەبێت.


PM:11:34:12/08/2023