نەخۆشی، ۱٠٠ هەزار مریشك لەناو دەبات


سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی نەخۆشییەوە زیاتر لە ۱٠٠ هەزار مریشكی لە سەرتاسەری كوردستان مرداربوونەتەوە.

نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان بە (سپی) ڕاگەیاند " نەخۆشی ئایبی، گەمبۆرۆ، نیوكاسڵ لەئێستادا گەورەترین مەترسیان بۆ سەر كێڵگە پەلەوەریەكان دروستكردووە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی نەخۆشی نیوكاسڵ ڕۆژبەڕۆژ خێراتردەبێت لەسەدا شەستی هۆڵەكانی پەلەوەر لەناوچوون بەهۆی ڤایرۆسەكەوە نزیكەی ۱٠٠ هەزار مریشك مرداربونەتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە "حكومەتی هەرێم  زۆر بێباكە بەرامبەر ئەم كەرتە توانیومانە ئاسایشی خۆراك ڕابگرین وەك كەرتی پەلەوەر ئەگەر ئەم كەرتە لاوازبێت ئەوا لاوازی حكومەت پیشان دەدات".

نازم جاف روونیكردۆتەوە "لەگەڵ ئەو هەموو نەخۆشیەدا حكومەتی عێراق بە فەرمی نایەڵێت مریشكی هەرێمی كوردستان بڕوات بۆ خواروی عێراق بۆیە داوا لەسەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەكەم لەسەر ئەم بابەتە قسەبكەن و كێشەو گرفتەكانمان بۆ چارەسەر بكەن وە داواكارین وەزیری كشتوكاڵی هەرێم بەپەلە سەردانی بەغداد بكات و ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكات".

هەروەها وتی "كەرتی پەلەوەر لە عێراق مەزەندە دەكرێت بە ٤٥ ملیار دۆلار كە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار كەس كاری تێدادەكات و دەرفەتی كاری باشی ڕەخساندووە ناكرێت پشتیوانی نەبێت و لەناو بچێت".




PM:02:13:14/08/2023