چەند کاتژمێر بخەویت مەترسییە لەسەر نەخۆشیە کوشندەکانی دڵ


بە شێوەیەکی گشتی توێژنەران پێیانوایە هەشت کاتژمێر ژمارەی زۆر باشە کاتێک باس لە خەوتنی پێویست دەکرێت، ئەمەش سوودی هەیە بۆ تەندروستی گشتی مرۆڤ.

توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی زانایانی زانکۆی بنسلڤینا کە لە ڕۆژنامەی Psychosomatic Medicine بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە کە کەمخەوی کە تەنها پێنج کاتژمێر لە شەوێکدا بێت، وێرانکاری لەسەر تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان دروست دەکات.

هەروەها توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە قەرەبووکردنەوەی خەوتن لە کۆتایی هەفتەدا بەهۆی کەمخەوی لە ماوەی هەفتەی کارکردندا، لێدانی دڵ و ئاستی پەستانی خوێنی بۆ ئاسایی نابێتەوە.

توێژەران دەڵێن، کاتێک لە ماوەی هەفتەیەکدا خەوتن بۆ پێنج کاتژمێر لە شەوێکدا سنووردار دەکرێت، دەبێتە هۆی تێکچوونی تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان، لەوانە لێدانی دڵ و پەستانی خوێن.

لە میانی توێژینەوەکەدا، تیمی توێژینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە، ئەوانەی کاتژمێرەکانی خەوتنیان بۆ پێنج کاتژمێر سنووردار کردووە، پەستانی خوێن و لێدانی دڵیان بەرزتر بووە، تەنانەت ئەگەر لە کۆتایی هەفتەشدا قەرەبووی بکەنەوە. بۆیە پێشنیاریان کردووە کە ڕۆژانە لە سەرووی ئەم بڕە بخەون بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە دوورکەوتنەوە لەو حاڵەتە کوشندەیە لە درێژخایەندا.



PM:10:33:14/08/2023