"لە سنووری قەرەداغ نزیکەی ٤٥١ دۆنم پوش و پاوان سوتان"

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەپارێزی سلێمانی بڵاویکردەوە، "لە ئەنجامی چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودی سنووری قەرەداغ نزیکەی ٤٥١ دۆنم پوش و پاوان سوتا".

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٣،  بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانی لە بڵاوکراوەکەیدا ڕایگەیاندا، "لە یەکەم ساتی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەکان کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی سێوسێنان سەرقاڵی کوژانەوەی ئاگرەکان بوون، بە چەند کەرەسەیەکی سەرەتایی هەمیشە لە هەوڵدابوون کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان، لە ئەنجامدا لە سنووری قەرەداغ ٤٥١ دۆنم پوش و پاوان سووتا" .

ئاماژەی داوە بە ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، لە ناحیەی سێوسێنانی سەر بەقەزای قەرەداغ و گوندەکانی دێوانە و مەسۆیی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەش حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە ڕویانداوە و بووەتە هۆی سوتاندی نزیکەی ٤٥١ دۆنم پوش و پاوان، دارستانی سروشتی و باخی میوەی هەمەجۆر، هاوکات کەلوپەلی باخی هاووڵاتییان.

لە سەرجەم ڕوداوەکاندا کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سێوسێنان گەیشتونەتە شوێنی ئاگرەکان بە مەبستی کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی.

بۆ سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەنەوەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە بەمەبەستی ئەنجامدانی ڕێکاری یاسای و دۆزینەوەی هۆکارەکان.


PM:01:45:16/08/2023