سەبارەت بە دۆخی شێروان شێروانی نوسەرێکی کورد نامەیەک ئاڕاستە سەرۆک وەزیرانی نەرویج دەکات

نوسەرێکی کورد سەبارەت بە دۆخی شێروان شێروانی نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی وڵاتی نەرویج دەکات کە بەدوای کەیسی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسە بچن و رایەکیان هەبێت. 

دەلێر کەریم هاوڵاتی نەرویج و نوسەری دیاری کورد  سەبارەت بە دۆخی شێروان شێروانی داواکارییەکی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتی نەرویج کردووە کە لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی نەرویجەوە وەڵامیان دایەوە و تێیدا هاتووە" بارودۆخی سەختی ڕۆژنامەنووسان لە عێراق و بە کوردستانی عێراقیشەوە بە باشی لای دەسەڵاتدارانی نەرویج ناسراو، ئەم دۆخە جێگەی داخە بەو پێیەی هەموو وڵاتێک بۆ ئەوەی بە باشی کار بکات پشت بە چاپەمەنییەکی ئازاد و ڕەخنەگرانە دەبەستێت و گومانی تێدا نییە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتێک بەرپرسیارن لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی بە ئازادی چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن، بەشێک لەم بەرپرسیارێتییە، بە سروشتی خۆی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتێک ئەو ڕۆژنامەنووسانە زیندانی نەکەن کە تەنیا بە بەڕێوەبردنی ڕۆژنامەگەری کارەکانیان بەڕێوەدەبەن". 

ئەوەش هاتووە" دەسەڵاتدارانی نەرویج لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوام ئەو شتانە دەوروژێنن کە ئێمە بە کێشە و هەلومەرجی ناڕەزای لە عێراق دەزانین، ئەمەش لە نێوان شتەکانی تردا بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان دەگرێتەوە و ئەمەش لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا، هەروەها لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی لە هەولێر دەگیرێتە بەر، دەسەڵاتدارانی نەرویج لە داهاتوودا بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی دۆخی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەندی و هەرێمی عێراق لەسەر هەردوو ئاستی فەرمی و سیاسی". 


PM:08:29:16/08/2023