لەبەرامبەر روماڵكردنی ناڕەزایی خەڵك، چەند رۆژنامەنوسێك لەهەولێر دەستگیركران


لەبەرامبەر روماڵكردنی ناڕەزایی دانیشتوانی چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر، دوو رۆژنامەنوس دەستگیركران.

تۆڕی میدیایی (ئێستا)ی نزیك لەبافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندووە "ئەمڕۆ 23ی 8ی 2023 لەكاتی روماڵكردنی گردبوونەوەی ناڕەزایی دانیشتووانی گەڕەكی بەهاری نوێ لە هەولێر، كە لەبەرامبەر كێشەی كەمئاوی ناڕەزاییان دەربڕیبوو، هێزێكی ئەمنی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا بەناوی دیار حسێن دەستگیردەكەن و بەرەو شوێنێكی نادیار دەیگوازنەوە و دەستیش دەگرن بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیاندا".

تۆڕی میدیایی ئێستا ئاماژەی بەوەكردووە "ئیدانەی ئەم كردەوە ناپەسەندە ھەمیشەییەی دەزگا ئەمنییەكانی ھەولێر دەكەین و پاراستنی سەروگیانی پەیامنێرمان دیاری حسێن دەخاتە ئەستۆی ھێزە ئەمنییەكان".

لەلایەكی دیكەوە دەزگای میدیایی (وڵات) رایگەیاند، بەهۆی روماڵی ئەو ناڕەزاییەتییانەوە ستافێكی رۆژنامەوانییان دەستگیركراون.



PM:01:23:23/08/2023