لەسەر پرسی راگرتنی هەناردەی نەوت حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکان کۆدەبێتەوە

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکانی نەوت لەسەر نرخی بەرهەمهێنانی نەوت بەپێی یاسای بودجە‌ و پارێزگاریکردن لە گرێبەستەکانی نەوت‌ و رەشنوسی یاسای نەوت‌ و غازی فیدراڵ کۆبووینەوە".

ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم (ماوە بۆدرێژکراوە) لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرجەم كۆمپانیا نەوتیەكان كە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووینەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەك لە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و وەزیری داد و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێم ئامادەی بوون، وێرای دووپاتكردنەوەی پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیاكانی بواری نەوت، تیشك خرایە سەر دوایین سەردان و گفتوگۆكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجە و تێچووی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكانی نەوت و بۆچوونی حكومەتی هەرێم لەم ڕووەدا و ناردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم و بۆچوونی بەغدا لەم رووەدا خرایە ڕوو".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هەر لە كۆبوونەوەكەدا كار و چالاكی كۆمپانیاكانی بواری نەوت بەرز نرخێنران و كۆمپانیاكانی بواری نەوت بە هاوبەشێكی راستەقینەی حكومەتی هەرێم باسیان لێوەكرا ئەوەش خرایەڕوو كە  بەرگری لە ماف و گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم دەكەن، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتۆگۆكان لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بە مەبەستی چارەسەر لە چوارچێوەی دەستور و پڕۆژە یاسای بودجە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەشێكی تری كۆبوونەوەكە باسكردن بوو لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بۆچوونی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەبارەی پڕۆژە یاساكە خرانەڕوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا كۆمپانیاكانی بواری نەوت  بۆچوون و سەرنجەكانی خۆیان بۆ پڕۆژە یاسای نەوت و گاز خستەڕوو. 


PM:07:59:23/08/2023