کەشناسێک: ئەمساڵ بارانێکی زۆر دەبارێت

ٍشارەزایەکی بواری کەشناسی لەسەر کەشوهەوای ئەمساڵ دەڵێت" پێشبینی باران بە رێژەی زۆر بەرز لەسەروو تێکرایەکانەوە بۆ سەرجەم ناوچەکان دەکرێت". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" ھەموو دەرەنجامەکان بۆ پاییزی ئەمساڵ دڵخۆشکەرن و بارانێکی زۆر بەڕێوەیە و پێشبینی بارانبارین بەرێژەی زۆر بەرز لەسەروو تێکراییەکانەوە بۆ سەرجەم ناوچەکان دەکرێت بەرێژەی زیاتریش ناوچەکانی باشووری ھەرێمی کوردستان". 

دەشڵێت" زۆربەی ھۆکارەکانی پەیوەست بە زۆری بارانبارین لە ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەم کاتەدا ئەرێنین و کە ئەم سوڕانەش تا کۆتایی وەرزەکە لە بەھاری ٢٠٢٤ دەخایەنێت، بۆیە کەشی ئەمساڵ جیاواز دەبێت دەتوانین بەنزیکی بڵێین شێوەی ٢٠١٥، ٢٠١٨ و ٢٠١٩ی دەبێت، بەڵام بە تایبەتمەندی جیاوازترەوە". 

ئەوەشی خستووەتەروو، دەریا و زەریاکان گەرم و چالاکن و وزەیەکی زیاتر دەدەن بە نزمەپاڵەپەستۆکان، بۆیە لەسەرەتا و ناوەندی وەرزی پاییز و وەرزی بەھاردا وڵاتانی ناوچەکە ھەر لەشامەوە بۆ عێراق ناوچەکە بەدوور نابێت لە شەپۆلی بەھێزی باران و ئەو حاڵەتە ناسەقامگیرییە بەھێزانەی کە دەبنە ھۆی پشێوی لە بەرگەھەوا و دروستبوونی ھەورە بروسکە بەھێزەکان کە تەرزە و بارانی بەخوڕ و توندیان لێ بەرھەم دێت و لەگەڵ دروستبوونی لافاوی خێرادا ئەم دیاردانە زیاتر ھەڵدەکشێن و ئێستاش کە ھێشتا لە وەرزی ھاوینداین لە وڵاتانی جیاوازی دەورووبەر وەک سعودیە و وڵاتانی ئەورووپا زۆر بەدی دەکرێت و دەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەن لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ھەوا و گەرمبوونی بەرچاوی رووی دەریاکان.


AM:09:01:28/08/2023