ئێران لەبارەی چەک داماڵینی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوایین هۆشداری دەدات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربارەی چەک داماڵینی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوایین هۆشداری بە حکومەتی عێراق دەدات و دەڵێت" ڕۆژی ١٩ی مانگی داهاتوو دوا مۆڵەتە بۆ چەككردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان". 

ناسر کەنعانى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەگەڵ حکومەتی عێراق رێككەوتوین بۆ داماڵینی چەك و داخستنی بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن". 

وتیشی" بەپێی ڕێککەوتنەکە دوایین وادە ڕۆژی ١٩ی ئەیلولە بۆ داماڵینى چەک لەو هێزانە و بە هیچ شێوەیەك وادەكەی درێژناكرێتەوە و ئەو بابەتەشمان بە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان راگەیاندووە". 

لە ماوەکانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە خاکی هەرێم بۆردومانکردووە.

هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە (٢٠) هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.


PM:01:15:28/08/2023