سەركردەیەكی باڵای پارتی: راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، زیانی بۆ عێراقیش هەبووە


سەركردەیەكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، چەند زیانی بۆ هەرێم هەبووبێت، ئەوەندەش بۆ عێراق هەیبووە.

ئەمڕۆ دووشەممە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە "هیچ لایەنێكی نیشتمانی و نێودەوڵەتی لەو چالاكییە سیاسی یان یاساییەی رابردوو براوە نەبوو، كە دواتر بووە هۆی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەریمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا".

میرانی روونیكردۆتەوە "تەنیا هەرێمی كوردستان لە ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت زەرەرمەند نەبووە، بەڵكو عێراق و بازاڕی نەوتیش، بەهۆی بڕیارەكەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسەوە زیانی داراییان پێگەیشتووە".

فازڵ میرانی وتویەتی "خەتای ئێمە نییە كە عەقڵییەتی ناوەندنی لە حوكمڕانیدا نەگۆڕاوە و بەرژوەندییە حزبییەكان پێش بەرژەوەندییە كارگێڕییەكان دادەنرێت، ئەم چەندە بە روونی لە بابەتە كۆنەكەدا دەركەوت، بە تایبەت لە دوای گۆڕینی رژێمی پێشووی عێراق (رژێمی بەعس). كەواتە عەقڵییەتی كۆن پەیوەندی خۆی لەگەڵ قۆناغی دوای ساڵی 2003 نەبڕیوە".



PM:01:57:28/08/2023