تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە لە هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە

لەگەڵ هاتنی وەزری هاوین وبەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا چەندین نەخۆشی بڵاودەبنەوەبەتایبەت سکچون و ڕشانەوە،  ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان سەردانی نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان دەکەن، تەندروستیش هۆشداری  كۆلێرا دەدات و داوا لە هاووڵاتیان دەكات، سەوزە و ئاوی پیس و ماستاو و خواردنی دەرەوە بەكارنەهێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣، د. ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، "ئەوەی ئێستا هەیە سكچوونێكی قورسە بڵاوبۆتەوە و گومان دەكەین كۆلێرا بێت و بۆ پشتڕاستكردنەوەش چەند نموونەیەكمان لە پشكنینەكان ناردووە بۆ تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا و لەم چەند ڕۆژەدا ئەنجامەكانی دەگەڕێتەوە".

ئاشكراشی كرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە داخڵی نەخۆشخانە كراون ٥هەزار كەسی تێپەڕاندووە.

ئەم دکتۆرە وتیشی، "پەتای سكچوون ڕوو لە زیادبوونە و هۆكارەكەشی ئەوەیە، كە لە وەرزی گەرمادا میكرۆب زیاتر بڵاودەبێتەوە و گەشەدەكات، هەروەها كەمی ئاوی خواردنەوە، كە یەكێك لە كێشەكانی دیكەش ئەوەیە، كە هەموو پاشەڕۆی بەشێكی ئێران و ناوچەی پشدەر دەڕژێتە ناو دەریاچەی دوكان و هەموو پاشەڕۆی سلێمانیش دەچێتە ناوچەی تانجەرۆ و زێرابەكان داپۆشراو نین".

سەبارەت بە چۆنیەتی خۆپاراستن ئاماژەی بەوەدا ، هۆكاری سەرەكی سكچوون ئاوی پیسە، بەڵام ئەو ئاوەی لە بەلوعەی تۆڕی سەرەكی ئاو هەیە لەگەڵ ئاوی بتڵكراو ئەوە لەژێر كۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیدایە و خاوێنن، بەڵام ئەو ئاوەی دەیكڕن بە تانكەر بیكوڵێنن ئەوجا بیخۆنەوە.


باسی لەوەشکرد، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین لەئیستادا خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی ئەو ئاوەی لە سەرچاوەکەی دڵنیا نین و تەنها ئەو ئاوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دابین دەکرێت و ئاوی بتڵ کراوەکان، کە لە ژێرچاودێری تیمەکانی تەندروستیدا کاردەکەن بەکاربهێنن، هاوکات بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی هەموو جۆرە سەوزە و ماستاو لە چێشتخانە و خواردنگەکان و شوێنە گشتیەکان تەنیا ڕێگە دەدرێت بە بەکەرهێنانی ماستاوی لەقتوونراو.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات، "پابەندی ڕێنمایە خۆپارێزیەکان بن و دڵنیان دەکەینەوە لەوەی هەموو ئامادەکارییەکی تەواوی کردووە بۆ هەر ئەگەرێك لەزیادبوونی حاڵەتەکان”.


PM:08:51:28/08/2023