لە سلێمانی رێوشوێنی دیكە بۆ رێگرتن لە تووشبوون بە كۆلێرا پەیڕەو دەكرێت


داوا لە هاوڵاتیان دەكرێت تەنها ئەو ئاوە بەكاربهێنن كە لە رێگەی بەرێوەبەرایەتییەكانەوە بەسەریان دابەش دەكرێت ئەوەش بەمەبەستی رێگرتن لەتووشبوونیان بە نەخۆشی كۆلێرا.

بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئاوی ئەو تانكەرانە بەكارمەهێنن بۆ خواردنەوە ئەگەر لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی پێوە نەبێت یان لە بەرێوەبەرایەتی ئاوی وەرنەگرتبێت.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بەهیچ شێوەیەك ئاوی بیر بەكارنەهێنن بۆ خواردنەوە ئەگەر پشكنینی بۆ نەكرابێت لە تاقیگەكان".

هەروەها وتویانە "لەكاتی گەشتكردن بۆ ناوچە گەشتیاریەكان ئاوی چەم و ڕووبارەكان بەكارنەهێنرێت بۆ خواردنەوە و ئاوی دەبە و بەڕادێك بەكارنەهێنن بۆ خواردنەوە كە لەبەر تیشكی خۆر دانراوە".

ئەمڕۆ لەسنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان ژمارەیەك هاوڵاتی تووشی سكچوون و رشانەوە بوون و ١١ حاڵەتی تووشبوون بە كۆلێرا تۆماركراوە.



PM:10:51:31/08/2023