ئەدهەم بارزانی: كاتی ئەوەیە لێپرسینەوەی گەل لەگەڵ ئەوانەی هەموو شتێكیان كرد بە قوربانی خۆ و مناڵەكانیان


ئەدهەم بارزانی، سیاسەتمەداری كورد و سەركردەی پێشووی پارتی دیموكرات كوردستان رایدەگەیەنێت "كاتی ئەوەیە لێپرسینەوەی گەل لەگەڵ ئەوانە دەسپێبكات كە هەموو شتێكیان كرد بە قوربانی خۆ و مناڵەكانی خۆیان".

ئەدهەم بارزانی لە پەیامێكدا داوای دروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتوو لە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵكانی ناڕازی دژی دەسەڵاتی ئێستا دەكات.


دەقی پەیامەكە..

بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان

 بۆ/
 رای گشتی، لایەنە ئۆپۆزیسۆنەكان، كەسایەتی و خەڵكی نارازی.. بە ھەموو كوردستانیەكانەوە

  بابەت / نەخشە ڕێگا

 ئاشكرایە ئێستا هەرێمی  كوردستان بە قۆناغێكی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، ئەمەش لە ئەنجامی قۆرخكاریی دەستھەڵاتی سیاسی و دارایی و ئەمنی و سەربازی كە لەلایەن گروپێ دەستھەڵاتەوە كە هونەری بەڕێوەبردن و ئەزموونی ئابوورییان خستۆتە خزمەت خۆیانەوە و بێ ئاگان لە گۆڕانكارییە  نێودەوڵەتییەكان كە تا چ رادەیەك كاریگەرییان لەسەر دۆخی ناوچەكە هەیە، ئەوان كە بەشێوەیەكی هەرەمەكی بە لۆژیكی هێز دەستیان بەسەر كۆمەڵگای كوردی و كوردستانی دا گرتووە، تا رادەیەكی زۆر توانیویانە ئیرادەی خەڵك  بەرەو پەراوێزخستن و ئیفلیجكردن بەرن. 
ئێستا كاتی ئەوەیە دەنگ بەرووی ئەوانە هەڵببرین كە هۆكاری دروستكردنی ئەم دۆخەن، كاتی ئەوەیە لێپرسینەوەی گەل لەگەڵ ئەوانە دەسپێبكات كە هەموو شتێكیان كرد بە قوربانی خۆ و مناڵەكانی خۆیان و خەڵكی كوردستانیان نائومێد كرد، كاتی لێپرسینەوەیە لە سەرانی دەستھەڵات، بەپێچەوانەشەوە پێویستە بۆ گەرانەوەی متمانەی خەڵك و بۆگەرانەوەی ئیرادەی جەماوەر هەركەس لای خۆیەوە دوركەوێتەوە لە ڕق و كینەی كەسی و بنەماڵەی و  عەشایەری و كە تەنها داگیركاران لێی سودمەند بوون، كاتی ئەوەیە پێكەوە دور لەكینەی كۆن و نوێ، دەستبخەینە دەستی یەكتر بۆ تێپەراندی ئەم مەترسیانە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی ئێستا، بۆیە پێشنیار دەكەم كە پێویستە ھەموو كەس و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا بەرژەوەندی تەسكی حزبی و خێڵ و كوتلەیی و جۆگرافی تێبپەڕێنن، ئێمە پێمان وایە ئەو مەترسیانەی ئێستا ڕووبەڕوومان  بونەتەوە گەر هێزی گەل بەری پێنەگرێت بە سەرانی دەستھەڵاتی ٣٢ ساڵەی ئەم ھەرێمە هیچ ناكرێت و بە نوقڵانەی هەڵبژاردن پینە وپەرۆ ناكرێن، چونكە مەترسی گەورە  بۆ سەر خودی سیستەمی فیدراڵی هەیە . 
  بۆیە داوا لە هەموو هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و كەسایەتیە ئاینی و كۆمەلایەتی  و ھۆنەری و ڕەوشەنبیری و ڕاگەیاندن و عەشایری و سەرجەم چین تۆێژەكانی ناڕازی دەكەین كۆبوونەوەیەكی فراوان لە شۆێنێكی دیار كراو  ئەنجام بدەین، بە ئامانجی :
 • گرتنەبەری سیاسەتێكی هاوبەش بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا 
 لە حاڵەتی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا، پێویستە ئەو مەرجانەی كە پرۆسەی ساختەكاری سنووردار دەكەن یان نەھێشتنی ساختەكاری بە ئێكجاری، بەسەر دەستھەڵاتدارانەوە بسەپێندرێت .
• كاركردن بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵگا و كۆكردنەوەی هەموو توێژە بێدەنگ و پەراوێزخراوەكانی خەڵك و كاراكردنی ڕۆڵی سیاسییان.
 • ڕەتكردنەوەی ڕۆحی چاوچنۆكی سیاسی و كاركردن بۆ پەرەپێدانی ڕۆحی هاوكاریی بنیاتنەر بۆ زامنكردنی خەباتی هاوبەشی نەتەوەیی .
 • پێكهێنانی لیژنەی چاودێری بۆ هەماهەنگی كاری ئۆپۆزسیۆن لە گشت شوێنە جوگرافییەكان بۆ ئەوەی هەموو ناوچەكانی كوردستان بگرێتەوە بە ناوچە كێشەلەسەرەكانیشەوە .
 • كاركردن بۆ دەستەبەركردنی ئازادی چالاكی میدیایی و ئازادی هاتوچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان .
• ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی و چالاكوانان، رۆژنامەنووسان و ڕێگەدان بە بەشداریكردنیان لە ژیانی سیاسیدا .
 • ڕێگەدان بە تاراوگەییەكان و دۆرخراوەكان لە وڵات بە هۆكاری سیاسی  و سەلیقەی بەرپرسان بۆ گەڕانەوە بۆ كوردستان و ئەنجامدانی چالاكییە سیاسییەكانیان بەپێی یاساكانی ئازادی ڕادەربڕین .
 • گەلی كورد هانی چالاكی سیاسی نادات ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی كورد بە پەرتەوازە و ناتەبا و لە پشت بەرژەوەندی و ئامانجی تەسكی شەخسی، حزبی یان بنەماڵەییەوە بێت.
•هەروەها هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان گرنگییەكی جددی نادەن بە ئۆپۆزسیۆنێكی پرتوو بلاو و ناكۆك بەینی خۆیان، چونكە ئەم دیاردەیە دەردەخات كە ئەو هێزانە شایستە نین بۆ ریفۆرمی رەوشی ئالۆزی  ئەمرۆ، كە بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵە لە لایەن ئەم دەستھەڵاتەوە بەم شێوە نارێكە بەرێوە دەبرێت .
لە گەل رێزمان دا

    براتان
ئەدھەم عوسمان شێخ ئەحمەد
     بارزانی
٣١-٨-٢٠٢٣
S



AM:12:23:01/09/2023