هونەرمەندی ناسراوی عێراقی (یاس خزر) کۆچی دوایی کرد

پاش ماوەیەکی زۆر مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی نەخۆشییەوە هونەرمەندی ناسراوی عێراقی و عەرەبی یاس خزر شەوی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد. 

لەمبارەیەوە سەندیکای هونەرمەندانی عێراق لە پرسەنامەیەکدا ماتەمینی بۆ کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە یاس خدر لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا ڕاگەیاند، دوای ئەوەی تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بوو.

سەندیکاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، سەندیکای هونەرمەندانی عێراق ماتەمینی بۆ کۆچی دوایی دەنگی زەوی، هونەرمەند یاس خدر ڕادەگەیەنێت کە درەنگانێکی شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەیەکی نزیک بەغدای پایتەخت، بەهۆی نەخۆشییەکی چارەسەرنەکراوەوە کۆچی دوایی کرد". 

هەواڵی بڵاوبوونەوەی کۆچی دوایی یاس خزر دوای کەمتر لە ڕۆژێک لە گیان لەدەستدانی شاعیری بەناوبانگ کەریم عێراقی دێت. 

یاس خزر عەلی قزوينی لە ساڵی (١٩٣٨) لە شاری نەجەف لە دایكبووە کە لە تەمەنی هەرزەكاریدا كاری (بلیت بڕ)ی كردووە لە نەخۆشخانەی (أبو صخير) لە نەجەف.

یاس خزر یەکەم دیداری لەگەڵ ئاوازدانەری گەورە محمد جەواد عاموری لە کۆتایی شەستەکاندا بووە، لەگەڵ ئەو هونەرمەندەدا گۆرانی (الهدل) کە لەو کاتەدا لەلایەن ڕادیۆی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە پەخش دەکرا، هەروەها خاوەنی یەکێک لە ناسراوترین گۆرانییە کە بەناوی (عەزازەوەیە) و لە نوووسینی شاعیری گەورەی عێراقی موزەفەر نەوابە.

ساڵی ١٩٦٩ بە گۆرانیبێژی نیشتمان ناوبانگی دەرکردبوو، چاوی بە ئاوازدانەر کەمال ئەلسەید کەوت و، گۆرانیی (المەکیر)ی لە وتەی شاعیر زەمیل سەعید فەتاح تۆمارکرد و دوای پەخشکردنی لەسەر (ڕادیۆی دەنگی جەماوەر) لە بەغدا، ئەم گۆرانییە بوو بە پاسپۆرتێکی گرنگ بۆ گۆرانیبێژی یاس خزر.


AM:08:33:02/09/2023