سەرباری قەدەغەی هاتوچ
سبەی لە فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە سێ گەشت ئەنجام دەدرێت

بە مەبەستی هێورکردنەوەی بارگژی شاری کەرکوک، ئەمشەو شەممە سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق عەبدولئەمیر یاروڵا لە رێگای فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە گەیشتە شارەکە. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەرکوکەوە بە " سپی " راگەیاند " عەبدولئەمیر یاروڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق لە رێگای فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە گەیشتە شارەکەو لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک کۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " هێزە ئەمنییەکان و سوپا دەیانەوێت قەدەغەی هاتوچۆ بە تەواوی بەسەر شارەکە و گەڕەکە کوردیەکانیش بسەپێنن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست " سپی " کەوتووە رێگا بەو کەسانە دەدرێت کە لە سلێمانیین و لە رێگای فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە گەشتیان هەیە، بە پێی خشتەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی کەرکوک سبەی یەک شەممە سێ گەشتی ئاسمانی هەیە دووان بۆ ئیستانبووڵ و گەشتێکی تریش بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنانە.

لەلایەکی ترەوە هەرچەندە دەنگوباسی ئەوە لە ئارادایە کە خۆپیشاندانی حەشدی شەعبی ئەمشەو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆتایی پێدەهێنرێت، بەڵام تا ئێستا لە هەندێک گەڕەکی کوردی ناو شارەکە خۆپیشاندان و ئاگرکردنەوە بەردەوامە. 



PM:10:33:02/09/2023