سی پی تی ئامارێکی نوێی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم بڵاودەکاتەوە

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا نوێیدا لەسەر هێرشەکانی تورکیا ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٥ شوێنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتووە، کە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق – تورکیاوە دوورن.

لەو راپەرتەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە هاتووە " لە ئێوارەی ٣١ی ئابدا، سوپای تورکیا زنجیرەیەک بۆردوومانی بۆسەر گوندەکانی بۆڵێ و سڵێ و ئیسێوە لە دەڤەری پشدەر و گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت ئەنجامدا".

بەپێی ئاماری ڕێکخراوە، هەرچەندە، لەو بۆردوومانانەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی، بەڵام گوندنشینانی گوندی ئیسێوە، لەترسی بەئامانجگرتنیان لەناو ماڵەکانیاندا، بۆ چەند کاتژمێرێک ماڵەکانیان چۆڵ کرد و لەدەرەوە مانەوە.

هەروەها ئەوەش هاتووە، لەکاتی بۆردوومانەکانی گوندی گەڵاڵەشدا، جوتیارانی ئەو گوندە خەریکی کشتوکاڵ و جوتیاری بوون لە زەوییەکانیاندا و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیاندا پچڕا و تاوەکو درەنگانێکی شەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناو خانەوادەکانیان.

هاوکات سی پی تی ڕوونیکردوەتەوە کە لە ڕۆژی ٢ی ئەیلولیشدا، تورکیا بۆردوومانی گوندی کانی میرانی کۆماری کرد لە پێنجوێن، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی لەو بۆردوومانەدا.

هەر لەراپۆرتی ڕێکخراوەکەدا باس لەوەشکراوە، سەرباری زیان گەیاندن بە خانوو و بینای هاوڵاتیانی مەدەنی، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیاوە بە دەیان زەوی کشتوکاڵی سوتاون کە ئەمەش بۆتە هۆی زیان گەیاندن بە ژینگە و ئابوری گوندەکان.



PM:08:07:04/09/2023