دهۆک.. دژى نەناردنى مووچە لەلایەن بەغدادەوە خۆپیشاندان سازکرا

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای دهۆک، لەسەر دۆخی کەرکوک و پرسی بودجە و مووچەی هەرێم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئەنجام درا. 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ چالاکوانانی مەدەنی و رێکخراوەکان و هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای دهۆک لە پارکی نەورۆز، دژی نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا. 

خۆپیشاندەرانی ناڕازی داوایان لە حکومەتی فیدراڵ کرد کە پابەندی دەستوو و یاسای بودجەی گشتی بێت و رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم جێبەجێ بکات.

هەر لە گردبوونەوەکەدا هاوڵاتییانی دهۆک پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەكانی هاوڵاتییانی کوردی کەرکوک دەربڕی، داوایان كرد" حكومەتی عێراق واز لەو سەركوتكردنە بێنێت، چونكە كەركوك كوردستانییە و بە كوردستانی دەمێنێتەوە". 

ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتییانی پارێزگای دهۆک لە کاتێکدایە، دوێنێ شاندی حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم بۆ بەغداد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا حکومەتی عێراقیان بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی تایبەت بە "بودجە و برسیکردنی خەڵکی هەرێم تۆمەتبار" کرد.

هەرچەندە لە ئێستادا حکومەتی فیدراڵ دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلول کردووە، بەڵام هێشتا لە هەرێم مووچەی مانگی (حەوت و هەشتی) ئەمساڵ دابەشنەکراوە. 


AM:11:31:05/09/2023