نەتەوەیەكگرتووەكان: هاوینی ئەمساڵ گەرمترین هاوین بووە لەمێژوودا


ئاژانسی كەشناسی نەتەوە یەكگرتووەكان بە فەرمی وەرزی هاوینی ئەمساڵی وەك گەرمترین هاوین لە مێژوودا ناوبرد.

ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەكگرتوەكان بە هاوبەشی دەزگای كەشوهەوای كۆپەرنیكی ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند "لەو كاتەی ساڵی 1940 كە تێیدا گرمترین پلەی گەرما تۆمار كراوە، مانگی 6 تا مانگی 8ی ئەمسال گەرمترین مانگەكان بوون".

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئاماژەدان بە شەپۆلی گەرما و كاریگەرییە بەربڵاوەكانی ئەو بەرزبوونەوەیە، هۆشداری داوە و ڕایگەیاندووە "ئەو وێرانكارییەی كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا دروست بووە، لە سەرەتای رێگاكەیدایە و دڕێژەی دەبێت".

هەروەها لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە "تێكڕای پلەی گەرمی جیهان لە سێ مانگی هاوینی ساڵی 2023، 16.77 پلەی سەدی بووە".

هەر بەپێی راپۆرتەكە، پلەی گەرما لە مانگی رابردووی ئەمساڵدا نزیكەی 1.5 پلەی سەدی گەرمتر بووە لە تێكڕای پلەی گەرمای سەردەمی پێش پیشەسازی و ئەمەش ئەو ئاستەیە كە جیهان هەوڵ دەدات تێی نەپەڕێنێت.

سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هەروەها وتی "هێشتا دەتوانین خۆمان لە خراپترین كارەساتەكانی كەشوهەوا بەدوور بگرین" و هۆشداریشیدا لەوەی كە دەبێت دستبەجێ وڵاتەكان لەو پێناوەدا هەنگاو بنێن و نابێت بۆ ساتێكیش هەنگاوەكان دوا بخرێن".



AM:09:44:08/09/2023