هاوڵاتییەک بە سێدارەو ٣ هاوڵاتی دی لە رۆژهەڵات بە ٦٥ ساڵ حوکمدران

کۆماری ئیسلامی ئێران چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە، بە ناوەکانی یووسف ئەحمەدی، محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی کە چوار ساڵە دەستبەسەرکراون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە یووسف ئەحمەدی سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و، سێ بەندکراوەکەی دیکەش سەرجەم سزای ٦٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێنرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ یوسف ئەحمەدی، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لە ماوەی ڕابردوودا لە دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی بەشداری شۆڕشی چەکدارانە دژی حکوومەت، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا، سێ هاووڵاتیی دیکەش بە تۆمەتی "هاوکاریکردن "، سەرجەم سزای ٦٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە؛ محەممەد کەریمی سزای ٢٥ ساڵ و باست کەریمی و محەممەد فەیزی هەرکامیان سزای ٢٠ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

ئەم سزایە کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ بەفەرمی بەو چوار هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە. پێشتریش لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" درابووە پاڵیان.

یووسف خێزاندار و باوکی سێ منداڵە، هێزە حکوومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە پێش چاوی ژن و منداڵەکەیەوە تەقەیان لێ کردووە و لاقی پێکراوە. سەرەڕای ئەوەی کە بە برینداری و بەبێ هیچ چارەسەرییەکی سەرەتاییش بۆ برینەکەی دەستبەسەر کراوە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیشیدا هیچ جۆرە چارەسەرییەکی بۆ نەکراوە و تەنانەت بە برینداریش بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە هەتا دان بەو تۆمەتانەدا بنێت کە دراونەتە پاڵی.

ماڵپەڕەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو چوار بەندکراوە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراون و لە مافە سەرەتاییەکانیان وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری و بێبەش کراون.



PM:09:24:08/09/2023